القائمة الرئيسية

الصفحات

أعلانات / بۆڕێكلام كردن

سكاڵایەكی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەكو پارێزگار رەتكرایەوە

 سكاڵایەكی هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەكو پارێزگار رەتكرایەوە

سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك



دادگای كارگێڕی بەغدا سكاڵایەكی سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی رەتكردۆتەوە، كە داوای كردووە مەرسومی كۆماریی بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها، وەكو پارێزگاری كەركوك هەڵبوەشێتەوە.


سەلوا مەفرەجی، لە ئابی ئەمساڵ سكاڵاكەی لە دادگای كارگێڕی بەغدا تۆماركردووە، دژی دەركردنی مەرسومی كۆماریی لەلایەن سەرۆك كۆماری عیراقەوە بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەكو پارێزگاری كەركوك. بەپێی سكاڵاكە "ئەو مەرسومە پێچەوانەی یاسایە".

دادگای كارگێڕی لە بەغدا لە 24ی كانونی یەكەم، داواكەی سەلوا مەفرەجی رەتكردۆتەوە و هاتووە "سكاڵاكە هیچ پاڵپشتییەكی یاسایی نییە".

سەلوا مەفرەجی لە سكاڵاكەیدا دەڵێت كۆبونەوەی 10ی ئابی 2024ی هۆتێل رەشید، كە بەهۆیەوە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران، پێچەوانەی یاسا بووە، چونكە وەك هاتووە "بانگهێشتنامە بۆ كۆبونەوە لەلایەن سەرۆكی بە تەمەنەوە نەكراوە"، كە بە بڕوای ئەو دەبێت بانگهێشتی كۆبونەوە سەرۆكی بە تەمەن بیكات.


هەروەها دەڵێت ئەو دانیشتنە - كە بەهۆیەوە حكومەتی خۆجێی كەركوك دروستبوو -، تەنیا بە ئامادەبونی نۆ ئەندامی ئەنجومەن بووە، بەبێ ئەوەی ئەندامەكانی تر بانگهێشتی كۆبونەوە بكرێن.

لەسەر ئەو بنەمایەش سەلوا مەفرەجی داوا دەكات مەرسومی كۆماری بۆ دەستبەكاربونی رێبوار تەها وەك پارێزگاری كەركوك هەڵبوەشێتەوە، بەڵام داواكەی رەتكراوەتەوە.

لە 10ی ئابی ئەمساڵ و دوای هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆی 16 ئەندام، لە هۆتێل رەشیدی بەغدا، رێبوار تەها و محەمەد حافز، وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژارد.


ئەو نۆ ئەندامە پێكهاتبون لە كوتلەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قیادە (عەرەبی)، عروبە (عەرەبی) و كۆتلەی بابلیۆن (كۆتای كریستیان).

تعليقات